هاوڵاتی: ئێوه وه‌ک که‌سايه‌تييه‌کی سياسی و به ئه‌زموون چۆن له ئێستادا هه‌ڵومه‌رجی کوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

هاوڵاتی: ئێوه وه‌ک که‌سايه‌تييه‌کی سياسی و به ئه‌زموون چۆن له ئێستادا هه‌ڵومه‌رجی کوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: کوردستان به مانای گشتی جوگرافيايه‌کی پانوبه‌رينه که له نێوان چوار ده‌وڵه‌تی ناوچه‌که‌دا دابه‌ش کراوه، ئه‌گه‌رچی له سه‌رجه‌می ئه‌و به‌شانه‌دا نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌ژين، به‌ڵام هه‌رکامه‌يان هه‌لومه‌رجی سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تی دياريکراوی تايبه‌ت به خۆيان هه‌يه. گرنگترين خاڵَی هاوبه‌شی هه‌لو مه‌رجی سياسی هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان ئه‌وه‌يه که هه‌موويان له ژێر باری سته‌می نه‌ته‌وايه‌تيدان و هه‌موويان ئامانجی سه‌رکوتی به تاک تاک و پيلانی هاوبه‌شی ده‌وڵه‌تانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌م چوار وڵاته‌ن. ئه‌گه‌رچی له نێوان خه‌ڵکی هه‌مو پارچه‌کانی کوردستان دا ده‌توانێ هاوخه‌باتی و خاڵَی ستراتيژێکی هاوبه‌ش هه‌بێ، به‌ڵام له دونيای واقعيدا هه‌ر کامه‌يان به مه‌سيری جياوازی خۆيان‌دا ده‌ڕۆن. ئه‌مڕۆکه کوردستانی ئێران بۆ خه‌باتی له دژی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکارانه‌ی کۆماری ئيسلامی هيچ هاوپه‌يمانێکی نزيک تری له کۆمه‌ڵانی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و خه‌ڵکی هاوچاره‌نووس و ئازاديخواز له ئاستی سه‌راسه‌ريدا له ئێران نييه. هه‌ر بۆيه پيويسته ريزی خۆی له ريزی ئه‌وان جيا نه‌کاته‌وه وئه‌و هاوپه‌يمانييه به هێزتر کات. لام وايه گرنگترين خاڵ له باسی هه‌لومه‌رجی سياسی ئێستای ئێران‌دا ئه‌وه‌يه که ئه‌و پێويستييه له ئاستی جه‌ماوه‌ريدا هه‌ستی پێ کراوه و خه‌ڵکی کورد له ئێران خه‌ريکه به‌و ئاراسته‌يه دا ده‌ڕوات. خۆش باوه‌ڕی به ئه‌مه‌ريکا و رزگاری له رێگه‌ی ئه‌مه‌ريکاوه زۆر زۆر که‌م بۆته‌وه و ئه‌و حيزب و رێکخراوانه‌ی که ئه‌و خۆش باوه‌ڕييه‌يان ته‌بليغ ده‌کرد نفوزيان که‌م بۆه‌ته‌وه. ريفورمخوازه‌کانی ده‌وربه‌ری رژێميش بره‌ويان نه‌ماوه.
سه‌باره‌ت به کوردستانی عێراقيش لاو وايه دوو مه‌ترسی له رێ دايه: يه‌کيان ئه‌وه‌يه که به‌ره به‌ره ده‌سه‌لاَتی ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی له روی ياسايه‌وه، له رووی ئابوورييه‌وه، له روی هه‌زمکردنی هێزی چه‌کداری کوردستان له سيستمه‌که‌ی خۆی دا، له روی کولتوری ده‌سه‌لاَته‌وه ، له هه‌موی ئه‌و بابه‌تانه‌وه زياد ده‌کات. مه‌ترسی دووهه‌م حاڵه‌تێکه له بێ ته‌فاوه‌تی سياسی که له ناو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک دا په‌ره ده‌ستێنێ و خه‌ڵک له جياتی ئه‌وه‌ی بير له رێگا چاره‌ی گشتی بکاته‌وه هه‌ر که‌سه هه‌وڵ ده‌دات به‌ڕه‌که‌ی خۆی له قوراو بکێشێته ده‌رێ و رێگا چاره‌يه‌کی تاکه که‌سی بۆ خۆی بدوزێته‌وه، ئه‌و حاڵه‌ته رێگه خۆشکه‌ری ديکتاتۆريه‌ته.
سه‌باره‌ت به کوردستانی تورکيا ئه‌وه‌ی که ده‌بينرێ ئه‌وه‌يه که پ ک ک وه‌کوو حيزبێکی سياسی به نفوز ستراتێژێکی روونی نييه نه بۆ خه‌باتی چه‌کداری و نه بۆ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری. به‌و حاڵه‌شه‌وه خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نی به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندندايه و ده‌وڵه‌تی تورکيه توانای دامرکاندنه‌وه‌ی نييه.
شاره‌زاييه‌کی وام له سه‌ر ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورد له سوريا نييه، دوژمنکاری ده‌وڵه‌تی ئه‌و ولاَته له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کورد له چاو پارچه‌کانی ديکه‌ی کوردستان که‌م وێنه‌يه. ده‌ورانی بێ‌ده‌نگی ئه‌و کاتانه‌ی وا پ ک ک له وێ حوزوری بوو کۆتايی پێ هاتۆه و خه‌ڵکی کورد باجێک له‌م بابه‌ته‌وه نادات و بوژانه‌وه‌يه‌ک به‌رچاوه.
هاوڵاتی: ئێستا قسه له سه‌ر ئه‌وه‌يه بڕياری ۱۴۰ و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک بخرێته ده‌ستی «un» ئايا ئێوه ئه‌مه چۆن ده‌بينن؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: قه‌زيه‌ی که‌رکوک چه‌ند لايه‌نی جياوازی هه‌يه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانين هه‌ڵوێستێکی واقيعبينانه به‌رانبه‌ر به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌يه بۆ «يو.ئێن» بگه‌ڕين پێويسته هه‌موو لايه‌نه‌کانی ببينين و بزانين هه‌ر کامه‌يان ده‌توانن چ ده‌ورێکيان هه‌بێ له چاره‌سه‌رکردن و يان له ئاڵۆزترکردنيدا. هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک جياوازه له مه‌سه‌له‌ی ئه‌و ناوچه کوردنشينانه‌ی که له ژير ده‌سه‌لاَتی ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی دان. کێشه‌ی که‌رکوک کێشه‌ی شارێکی فره نه‌ته‌وه‌يه که ده‌بێ رێگه‌ی به‌يه‌که‌وه ژيانی به ته‌بايی و عادلانه‌يان بۆ ده‌ست نيشان بکرێ، گرنگترين لايه‌نی قه‌زيه‌ی که‌رکوک، ئه‌و راستييه‌يه که لێره‌دا کێشه‌يه‌کی واقعی هه‌يه و خه‌ڵکێک هه‌ن که سته‌ميان لێ کراوه و له مافی سه‌ره‌تايی خۆيان وه‌کوو نه‌ته‌وه و وه‌کوو ئينسان بێبه‌ش بوون، کورده‌کان و تورکمانه‌کان هه‌ر دوو لايان که‌م و زۆر وه‌کوو يه‌ک تامی تاڵی ئه‌و سته‌مکارييه‌يان چێشتووه. هه‌رچه‌ند خه‌ڵکی هه‌ژاری عه‌ره‌بی ئه‌و شاره‌ش به به‌شی خۆی چه‌وساوه‌ته‌وه و له گه‌ڵێک مافی ئينسانی بێبه‌ش بووه، به‌ڵام جۆری بێبه‌شييه‌که‌ی جياواز بووه. راستييه‌کی تريش ئه‌وه‌يه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر ئێستاش ژماره‌ی دانيشتوانی کورد زمانی ئه‌و شاره زياتره له نه‌ته‌وه‌کانی ديکه، به‌ڵام ئه‌و واقيعييه‌ته‌ش بۆ هه‌موو دونيا ئاشکرايه که رژێمی به‌عس به زه‌بری ئاور و ئاسن و به زه‌بری زه‌ختی ئابووری به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه ديمۆگرافی ئه‌و شاره بگۆرێ. هيچ ئينسانێکی ئازاديخواز ناتوانێ نکۆڵی له‌وه بکات که پێويسته ئه‌و کێشه‌يه به شێوه‌يه‌کی عادلانه چاره‌سه‌ر بکرێ و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دانيشتووی ئه‌و شاره بتوانن به بێ هه‌ڵاواردن، به ته‌بايی له‌پاڵ ده‌ستی يه‌کتردا بژين و مافی دياری کردنی چاره‌نوسی خۆيان هه‌بێ.
لايه‌نێکی ديکه‌ی ئه‌و قه‌زيه‌يه، هه‌ڵوێست و کرداری ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی عێراقه. تا ئێستا هيچ نيشانه‌يه‌ک له هه‌وڵێکی راستگۆيانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌يه نابيندرێ، به پێچه‌وانه‌وه، ته‌فره‌دان، ئه‌مرۆ به سبه‌ينێ کردن و ته‌نانه‌ت به شێوه‌گه‌لێکی زيره‌کانه شوێن گرتنی هه‌مان سياسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی به‌عس ده‌رحه‌ق به خه‌ڵکی ئه‌و شاره ده‌بيندرێ. ده‌وڵه‌تێک که بنه‌مای ده‌ستوره‌که‌ی له سه‌ر شه‌ريعه‌تی ئيسلام دامه‌زرابێ، ده‌وڵه‌تێک که ته‌نيا به‌ديلێک که ئێستا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌يه جێگای بگرێته‌وه، ده‌وڵه‌تێکی ناسیۆناليستی عه‌ره‌بييه که ناسیۆناليسته‌کانی سوننه و شيعه‌ی له ده‌وری خۆی کۆ کردبێته‌وه، له وه‌ها ده‌وڵه‌تێک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناکرێ که به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌يه‌کی عادلانه بێ بۆ ئه‌م قه‌زيه‌يه.
موزايده و رکه‌به‌رايه‌تی دوو حيزبی سياسی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان له سه‌ر ئه‌و کێشه‌يه، ناکۆکی رانه‌گه‌يه‌نراوی نێوانيان، چاره‌سه‌ری قه‌زيه‌که‌ی ئاڵۆزتر کردووه. ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی، ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ريکا، ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که، هه‌موويان به‌م رکابه‌رييه ده‌زانن و له پێناوی دواخستنی چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌دا زيره‌کانه به کاری دێنن، به‌رز کردنه‌وه‌ی دروشمی توند و راشکاوانه له رواله‌تدا و سازان و پشتگوێخستنی له واقيعدا، پێناسه‌ی ئه‌و موزايه‌ده‌يه مونافه‌سه‌يه که له سه‌ر کێشه‌ی که‌رکوک ده‌کرێ.
ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ريکا وه‌کوو هێزێکی ده‌سه‌ڵاتدار له عێراق، جيهه‌تی ئه‌وه‌يه که عێراق وڵاتێکی يه‌کگرتووی بمێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ به‌جێهێنانی دڵی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که، گه‌لێک جار، له وتاری ره‌سميدا، عێراق وه‌کوو وڵاتێکی عه‌ره‌بی پێناسه ده‌کات. که وابێ بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ريکاش چاره‌سه‌ری کێشه‌ی که‌رکوک هه‌ر ده‌چێته خانه‌ی ئه‌و هه‌وڵێ‌نه‌ی که بۆ پاراستنی يه‌کێتيی خاکی عێراق ده‌يکات. که‌رکوک خاوه‌نی گه‌وره‌ترين کێڵگه‌ی نه‌وته و بوونی که‌رکوک به به‌شێک له هه‌رێمی کوردستانی فيدراڵ له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌بێته مه‌ترسييه‌ک بۆ پاراستنی ئه‌و يه‌کێتييه.
به بڕوای من قه‌زيه‌ی که‌رکووک له رێگه‌ی ناسیۆناليستييه‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێ. کێشه‌ی که‌رکوک به شێوه‌ی عادلانه و که‌م ئازار ته‌نها له رێگای ئينسان دۆستانه و سياسييه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێ. هه‌ر چه‌شنه زاڵبوونی بيروبۆچوونی ناسیۆناليستی و ده‌مارگرژ به سه‌ر پڕۆژه بۆ ئايه‌نده‌ی که‌رکوک، ئه‌مڕۆ بێ يان سبه‌ی ده‌توانێ ببێ به سه‌رچاوه‌ی کاره‌ساتی گه‌وره، بۆ خه‌ڵکی ئه‌و شاره.
له جه‌رگه‌ی وه‌ها هه‌لومه‌رجێکی ئاڵۆزدايه که قه‌راری ۱۴۰ دێته گۆرێ. له ناو ئه‌و هه‌مووه به‌رژه‌وه‌ندييه ناته‌بايه‌دا، و له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا، له‌و باوه‌ڕه‌دا نيم که قه‌راری ۱۴۰ به کرده‌وه جێبه‌جێبکرێت و ئه‌گه‌ريش به کرده‌وه جێبه‌جێکرا به شێوه‌يه‌ک بێت که به قازانجی زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاره بێت.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی راست ده‌کات، پێويسته بۆ ئيسپاتی نياز پاکی خۆی، هه‌ر ئێستا ته‌کليفی ئه‌و ناوچانه‌ی که کێشه‌ی فره ره‌گه‌زييان تێدا نييه و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ده‌يانه‌وێ له رووی ئيدارييه‌وه به‌شێک له هه‌رێمی کوردستان بن، روون کاته‌وه. کاتێک خۆيان له جێبه‌جێکردنی وه‌ها مه‌سه‌له‌يه‌ک ده‌پارێزن، مانای ئه‌وه‌يه که پێداگرتنی له سه‌ر دواخستنی کێشه‌ی که‌رکوک به بۆنه‌ی ئاڵۆز بوونی، بيانويه‌ک زياتر نييه. که وايه له لايه‌که‌وه ناکرێ چاوه‌رێی ئه‌وه بين ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی به رێگايه‌کی ديمۆکراتيک و عادلانه و ئينسانی کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکات، له لايه‌کی ديکه‌وه کێشه‌که واقعييه و پێويسته پێش ئه‌وه‌ی کۆنه‌په‌ره‌ستی مه‌زهه‌بی يان ده‌مارگرژی شۆڤێنی و ناسیۆناليستی به‌ره‌و مه‌سيرێکی پڕ ئازاری بێگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رێت، رێگايه‌کی بۆ بدۆزێته‌وه. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و واقعيه‌تانه‌يه که به بڕوای من له جياتی بيلاته‌کليفی و ئه‌مڕۆ به سبه‌ی پێکردن، له کۆتاييدا ره‌زامه‌ندی بدرێ به سپاردنی قه‌زيه‌که به «يو.ئێن»، باشتره و ته‌وه‌قوعاتێک که له سه‌ر ئه‌م کێشه‌يه هه‌يه به‌ره‌و رووی «يو.ئێن» بکرێته‌وه.
هاوڵاتی: ئاشکرايه ماوه‌ی چه‌ندين ساڵَه ئێوه وه‌ک ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی له سه‌ر داوای حکومه‌تی هه‌رێم و پارته‌کانی ئێره چالاکی سه‌ربازيتان يه‌ک لايه‌نه راگرتووه، ئايا ئێوه تاچه‌ند سودمه‌ند، يان زيان به‌خش بوون له‌م مه‌سه‌له‌يه‌دا؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: ئه‌وه‌ی که ئێمه له سه‌ر داوای حکومه‌تی هه‌رێم خه‌باتی چه‌کداريمان راگرتووه، به‌شێکی چکۆله له واقعيه‌ته‌که‌يه. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی ئێمه له سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌يه ته‌نها داوای حکومه‌تی هه‌رێم بوايه و هيچ فاکتۆرێکی ديکه‌ی تێدا نه‌بوايه، بێگومان هه‌ر چۆنێک بايه رێگايه‌کمان بۆ ده‌رباز بوون له ژێر باری ئه‌و زه‌خته ده‌دۆزيه‌وه. سه‌باره‌ت به خه‌باتی چه‌کداری ئێمه له کوردستانی ئێران پێويسته هه‌موو فاکته‌ره‌کان بخه‌ينه به‌رچاو:
يه‌که‌م، ئێمه هه‌رگيز ئاگربه‌سمان له گه‌ڵ رژێم رانه‌گه‌ياندووه، تا کاتێک که ئه‌و رژێمه به زۆری چه‌ک و داپڵۆسين، ئازاديی خه‌باتی سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تی له خه‌ڵکی کوردستان زه‌وت کردووه، ئه‌وه مافی حاشا هه‌ڵنه‌گری خه‌ڵکی کوردستانه به گشتی و ئێمه وه‌کوو رێکخراوێکی سياسييه که بۆ به‌رژه‌وه‌ندييه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه خه‌بات ده‌که‌ين به تايبه‌تی، که وه‌ڵامی ئه‌م زه‌بر و زه‌نگه، به خۆڕاگری چه‌کدارانه بده‌ينه‌وه. ئێمه زه‌رفيه‌ته‌کانی ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌و مافه‌مان له خۆماندا پاراستووه و کۆمه‌ڵگای کوردستان ئێمه وه‌کوو رێکخراوێکی سياسی که بالی چه‌کداری هه‌يه، ده‌ناسێ. ئه‌وه‌ی که له چ کاتێکدا، له چ شوێنێک،له چ ئاستێک‌دا، ئه‌م خه‌باته‌مان به‌رێوه ده‌به‌ين، ئه‌وه به پێی لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆمان به شێوه‌ی کۆنکرێت بڕياری له سه‌ر ده‌ده‌ين. به‌ڵام ئێستا واقعيه‌ت ئه‌وه‌يه که به کرده‌وه به‌رێوه ناچێ، هه‌ر بۆيه ده‌چمه سه‌ر فاکته‌ری دووهه‌م:
خه‌باتی چه‌کداری له کوردستان، خه‌باتێکی دابراو له جه‌ماوه‌ر نه‌بووه. ئه‌م خه‌باته بۆ وێنه له جۆری خه‌باتی پارتيزانی باو له هێندێک له وڵاتانی ئه‌مه‌ريکای لاتين، يان خه‌باتی چريکی، له زه‌مانی رژێمی شا، يان خه‌باتی چه‌کداری له چه‌شنی موجاهدينی خه‌ڵکی ئێران له‌م ساڵانه‌ی رابوردوودا نييه. ئه‌م خه‌باته له سه‌ره‌تای شکڵگرتنييه‌وه، يه‌کێک له بواره‌کانی خه‌بات و خۆڕاگری له ئاستی جه‌ماوه‌ريدا بووه. په‌يوه‌ندی راسته‌وخۆی به راده‌ی ئاماده‌يی و پێشوازی جه‌ماوه‌ره‌وه بووه. ئه‌گه‌رچی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه، بالی چه‌کداری حيزبێکی سياسی بوو، به‌ڵام نه‌يده‌توانی به بێ پشتيوانی جه‌ماوه‌ر، درێژه به چالاکی خۆی بدات. نه‌يده‌توانی به بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی سودمه‌ندبوون يان زيان به‌خشبوونی بۆ ژيان و بۆ خه‌باتی جه‌ماوه‌ر درێژه‌ی هه‌بێ. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواييدا ئێمه ده‌بينين که خه‌باتی جه‌ماوه‌ری پێی ناوه‌ته قۆناغێکی نوێه‌وه، ره‌وتی خۆ سازدان و خۆ رێکخستن له قوڵايی کۆمه‌ڵگاوه ده‌ستی پێ کردووه، له خه‌باتی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبيراندا، بوژانه‌وه‌يه‌ک ده‌بينين، نامانه‌وێ رێگا بده‌ين که کۆماری ئيسلامی به به ميليتاريزه کردنی که‌ش و هه‌وای سياسی ئێستای کوردستان، ئه‌و حه‌ره‌که‌ته ساوا به‌لاَم هيوا به‌خشه جه‌ماوه‌رييه، له بار به‌ريت. ئێمه نه‌بزی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆمانمان له ده‌ست دايه و ده‌زانين که خه‌ڵکی کوردستانيش هه‌ر ئه‌و سياسه‌ته‌ی لێمان ده‌وێ.
فاکته‌ری سێهه‌م ئه‌وه‌يه که ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداری له ولاَتێکی دياريکراودا زه‌مينه‌ی سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تی له باری هه‌بێ، ئه‌گه‌ر به‌رپاکردنی بۆ رێکخراوێکی سياسی دياريکراو زه‌روری بێ، ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ له‌وه که ئايا له سه‌ر سنووره‌کانی وڵاتێک‌دا رێگای پێ ده‌درێ يان پێ نادرێ، بتوانێ به‌رێوه‌ی به‌رێت. بۆ نموونه له ساڵَه‌کانی ۱۹۷۹ تا ۱۹۸۴، ئێمه به بێ ئه‌وه‌ی که پێويستيمان به که‌ڵک وه‌رگرتن له سنووره‌کان حه‌ياتی بێ ده‌مان توانی خه‌باتی چه‌کداری خۆمان به‌رێوه‌به‌رين يان هێزی پێشمه‌رگه‌ی يه‌کێتيی نيشتمانيی کوردستان بۆ چه‌ندين ساڵ به ده‌ره‌جه‌ی يه‌که‌م به پشت به‌ستن به شوێنه ئازاد کراوه‌کانی کوردستانی عێراق خه‌باتی چه‌کداری خۆی درێژه پێ ده‌دات. گرنگی ئه‌و فاکتۆره به تايبه‌تی له‌وه‌دايه، که ئه‌گه‌ر مان و نه‌مانی خه‌باتی چه‌کداری له وڵاتێک‌دا، گرێ بدرێ به موافقه‌ت يان موخاليفه‌تی وڵاتی دراوسێ، ئيتر ناکرێ بڵێين سه‌ر به خۆ به‌رێوه ده‌چێ، به پێی به‌رژه‌وه‌ندی دراوسێيه‌که چاره‌نووسی دياری ده‌کرێ. هه‌رکات ويستی مه‌جالی چالاکی پێ ده‌دات و هه‌ر کات نه‌ی ويست دای ده‌خات. له سه‌رجه‌می ئه‌و باسه‌دا ده‌مه‌وێ به کورتی له وه‌ڵامی پرسياره‌که‌تاندا بڵێم که به بڕوای من کۆمه‌ڵه له‌و سياسه‌ته‌ی خۆي‌دا سودمه‌ند بووه و به‌م شێوه‌يه په‌يوه‌ندی سياسی خۆی له گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان مه‌حکه‌متر و جێکه‌وتووتر کردووه.
هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر هۆکاری وه‌ستانی خه‌باتی چه‌کداری هه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه، ئه‌ی له دوای راپه‌رين بۆ يه‌کێتی رادیۆی حيزبی ديموکراتی داخست؟ له سه‌ر ئه‌وه نه‌بوو که چالاکييان هه‌بوو؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: ئه‌گه‌ر درێژه پێدان به کرده‌وه‌ی چه‌کداری زه‌روره‌تێکی حه‌ياتی بێ، مانای ئه‌وه‌يه رێگه‌يه‌کيشی ده‌توانێ بۆ په‌يدا بێت. حيزبی ديموکرات ئه‌و کات راديوه‌که‌ی گواسته‌وه بۆ شوينی ژێر ده‌سه‌لاَتی ده‌وڵه‌تی عێراق و ده‌وڵه‌تی عێراقيش دژ به چالاکی چه‌کدارانه له کوردستانی ئێران نه‌بوو. بۆ ئه‌و جۆره زه‌ختانه به‌ديلی تر هه‌يه، مه‌سه‌له ئه‌وه‌يه که له‌وکاته‌دا ئه‌و شکله له خه‌بات چه‌نده پێويست بووه و چه‌نده ويستی کۆمه‌ڵگا بۆه.
هاوڵاتی: ئێسته باسی ئه‌و حاڵه‌ته ده‌که‌ی که بيرتان زياتر له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری کردۆته‌وه، به‌لاَم ده‌کرا بيرتان له هه‌ردوو لايه‌نه‌که به‌يه‌که‌وه بکردايته‌وه، بۆ نموونه په‌ژاک له رێگه‌ی چالاکی سه‌ربازييه‌که‌يه‌وه له نێو جه‌ماوه‌ردا نفوزی زياديان کردووه، ئايا کۆمه‌ڵه که خاوه‌ن ئه‌زموونێکی زياتره نه‌يده‌توانی ئه‌وه بکات؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: مه‌سه‌له ته‌نيا ئه‌وه نييه که ئيمه بيرمان له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری کردبێته‌وه، مه‌سه‌له ئه‌وه‌يه که هه‌لومه‌رجی سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تی کوردستان گۆڕاوه و به‌وپێيه ئه‌وله‌ويه‌ته‌کانی ستراتێژی ئيمه‌ش له‌و کۆمه‌ڵگايه‌دا پێويسته له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا بگونجێ. دڵنياتده‌که‌م که کۆمه‌ڵگای کوردستان ئه‌و سياسه‌ته‌ی ئێمه‌ی لا په‌سه‌ند تره و له‌گه‌ڵ وه‌زعی تازه‌ی خۆی به گونجاوتری ده‌زانێ. چالاکی سه‌ربازی ئه‌گه‌ر به‌شێک له ستراتێژێکی روونی سياسی نه‌بێ مه‌ودای زۆر کورته. به پێی به‌رژه‌وه‌ندێکی کاتی دێته ئاراوه و به ئيراده‌ی ئه‌م و ئه‌و له بار ده‌چێ.
هاوڵاتی: هه‌لومه‌رجی حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی ناوه‌ندی له ئاينده‌دا چۆن ده‌بينيته‌وه؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: خاڵه سه‌ره‌کييه‌کانی ره‌وتێک که بۆ داهاتوی عێراق ده‌بينرێ ئه‌مانه‌ن: پێگه‌ی حيزبه سياسييه‌کانی شيعه له باشووری عێراق هه‌تا دێت لاوازتر ده‌بێ، ئه‌وان نه‌يانتوانی نمونه‌يه‌کی باش له‌و ده‌سه‌لاَتی خۆيان به خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه نيشان بده‌ن و تا سه‌ر ناتوانن له سه‌ر ئه‌ساسی هاندانی دژايه‌تی له‌گه‌ڵ سوننه‌کان ئه‌و پێگه‌يه بپارێزن. ناسیۆناليسمی سوننه هه‌تا دێت پشتيوانی زۆرتری ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی به ده‌ست دێنێ، ره‌وتی ئيسلامی توندره‌و له قالبی ئه‌لقاعيده دا ناتوانێ به‌ديل بێ بۆ دوارۆژی ئه‌و ولاَته و ته‌نيا به هۆی حوزور و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌رته‌شی ئه‌مه‌ريکاوه ده‌وامی هێناوه، ده‌سه‌لاَتی ميليشيا به‌ره‌و لاوازتر بون ده‌چێ و ئه‌رته‌شی عێراق به‌رده‌وام خه‌ريکه به‌هێزتر و مۆنسه‌جيمتر ده‌بێ، ئه‌مه‌ريکا ورده‌ورده هێزه‌کانی خۆی له شه‌ڕه‌کان ده‌کێشێته ده‌ره‌وه و هه‌وڵ ده‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که پێگه‌ی خۆی له عێراق ده‌پارێزێ له رواله‌تی هێزێکی داگير که‌ر بێته ده‌رێ و دور و نزيک چاوه‌دێری به‌ره‌و پێش چوونی پرۆسه‌ی دلخوازی خۆی بکات. ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ريکا هه‌تا دێت له سه‌ر سياسه‌تی پاراستنی يه‌کێتيی خاکی عێراق زۆرتر ساغ ده‌بێته‌وه.
ئه‌و ره‌وته ئه‌گه‌رچی له هيچ کام له‌م بوارانه‌يدا که باسم کرد به ئاکامی کۆتايی خۆی نه‌گه‌يشتووه، به‌ڵام به‌ره‌وپێش چوونی تا ئێستای مانای ئه‌وه‌يه که ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی له عێراق به‌ره‌و شکڵ‌گرتنی ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بی له چه‌شنی وڵاتانی ديکه‌ی ناوچه‌که ده‌چێت.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به بێ هيچ پرۆژه و پلانێکی دياريکراو به شوێن ئه‌و ره‌وته‌دا ده‌ڕوات. به‌و پێيه له‌و رۆژه‌وه که رژێمی سه‌دام رووخاوه تا به ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئيداری حيزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی که‌متر بووه‌ته‌وه و کوردستان زياتر به حکومه‌تی مه‌رکه‌زييه‌وه گرێ دراوه. هيچ حه‌ره‌که‌تێکيش نابيندرێ که بيهه‌وێ به‌رانبه‌ر به ره‌وتی به‌رته‌سک بوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته رابوه‌ستێ. له بواری سياسييه‌وه له بواری شێوه‌ی به‌رێوه بردنی وڵاتيشه‌وه، ورده ورده هه‌تا دێت زياتر ره‌نگ و بۆنی ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی به خۆيانه‌وه ده‌گرن و له واقيعدا ناکرێ له وڵاتێکی ديکتاتۆری نه‌ريتی عه‌ره‌بيدا، جه‌زيره‌يه‌کی ديموکراسی دابمه‌زرێ.
ئايه‌نده‌ی کوردستان به‌وه‌وه گرێدراوه که له کوێوه و که‌ی و چۆن، به‌رهه‌ڵستێک به‌رانبه‌ر به‌م ره‌وته پێکدێ، چۆن ره‌وتی بێ ته‌فاوه‌تی سياسی خه‌ڵک پێشی پێ ده‌گيرێ و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک بۆ به‌رگری له ماف و له به‌رژه‌وه‌ندييه‌کانی خۆيان چالاکانه دێنه مه‌يدان.
هاوڵاتی: به رای ئێوه ئاينده‌ی کوردستانی ئێرانيش هه‌مان ئايه‌نده‌ی کوردستانی عێراق ده‌بێت، يان به شێوه‌يه‌کی تر، زه‌مانه‌ت چييه که ئۆپۆزسیۆنی ئێستای کوردستانی ئێران له سبه‌ينێدا وه‌ک به‌ره‌ی کوردستانی لای ئێمه نه‌بێ؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: هه‌لومه‌رجی سياسی ئێستای کوردستانی ئێران گه‌لێک جياوازه. ئه‌گه‌ری هێرشی ئه‌مه‌ريکا بۆ سه‌ر رژێمی ئێران و روخاندنی ئه‌و رژێمه له شێوه‌ی سيناریۆی عێراقدا، زۆر زۆر زه‌عيفه. نه خه‌ڵکی ئێران و کوردستان ئه‌وه‌يان ده‌وێ و نه هيچ نيشانه‌يه‌ک له‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ريکا بيهه‌وێ به‌م رێگايه‌دا بڕوات ده‌بيندرێ. له وه‌ها بارودۆخێکدا، خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران بۆ ئازادی زياتر به خه‌باتی سه‌راسه‌ری له ئێران له دژی رژێمی کۆماری ئيسلامييه‌وه گرێ ده‌درێ. ئه‌و خه‌باته‌ش که ئێستا له ئێران له ئارا دايه، له قولايی کۆمه‌ڵگاوه هه‌ستاوه و ره‌نگدانه‌وه‌ی، چه‌وساندنه‌وه‌ی چينايه‌تی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و بوژانه‌وه‌ی بيری پێشکه‌وتنخوازانه و له گه‌لێک بواردا سۆسياليستييه، ئه‌و خه‌باته ئه‌زمونی تاڵی شکستی شۆڕشی ۱۹۷۹ی ئێرانی له به‌رچاوه و له ره‌وتی به‌ره‌و پێش چوون و به ئاکام گه‌يشتنی خۆي‌دا، ده‌توانێ داهاتوويه‌کی گه‌لێک جياواز له‌وه‌ی که ئێستا له عێراق له کايه‌دايه به‌دی بێنێ.
ئه‌گه‌ر بنه‌مای هاوکاری حيزبه سياسييه‌کانی کوردستان له سه‌ر ئه‌ساسی خاڵَی هاوبه‌شی ستراتێژيک و له سه‌ر بنه‌مای به ره‌سمی ناسينی مافی ده‌سه‌ڵاتداريه‌تی بۆ جه‌ماوه‌ر دابمه‌زرێ، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن نه‌ک خه‌ڵاتی زلهێزێک به‌ڵکوو ئاکامی خه‌باتی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بێ، ئه‌وانه خۆيان له خۆيان‌دا ده‌بنه زه‌مانه‌ت بۆ سه‌رکه‌وتنی حه‌ره‌که‌ته‌که.
هاوڵاتی: پێتوايه ئێستا دوای ۱۷ ساڵَ له ده‌سه‌ڵاتی کوردی و جۆرێک له ئابووريی سه‌ربه‌خۆی کوردی، خه‌ڵک پێشتر حه‌ماسه‌تی شۆرشگێڕيی زياتر هه‌بوو يان ئێستا، به کورتی لاوانی دوای راپه‌رين ئه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ن به‌راورد به سه‌رده‌مانی راپه‌رين چۆن ده‌بينيته‌وه؟
ئيبراهيم عه‌ليزاده: ئاشکرايه که ئه‌و حه‌ماسه‌ته‌ی ئه‌و کاته نه‌ماوه و لام وايه نه‌شده‌کرا به‌م شێوه‌يه به‌رده‌وام بێ. به‌ره‌ی چه‌پ نه‌يتوانی وه‌کو به‌ديلێک بێته کايه‌وه و که‌شوهه‌وای سياسيی کوردستان به ده‌ره‌جه‌ی يه‌که‌م له ژێر کاريگه‌ريی ره‌وتی ناسيوناليستيدا مايه‌وه. ئامانجی کۆتايی ناسیۆناليزمی کورديش له راديکاڵترين رواله‌تی خۆي‌دا، ئه‌وکات که بڵێين به ته‌واويش پێی پابه‌ند بێ به دروشم و به ئامانجه‌که‌ی، رزگارکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورده له سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی، له هه‌ر رێگايه‌که‌وه که بۆی بگونجێ. حيزبه سياسييه‌کانی ئه‌و ره‌وته‌ش ئه‌م ئامانجه به به‌ده‌ستهێنانی پشکێک له ده‌سه‌لاَت مانا ده‌که‌نه‌وه. دوو حيزبی سياسی ده‌سه‌لاَتداری ئه‌مڕۆی کوردستان، له‌م رابوردوودا چ ئه‌وکات که خه‌باتی چه‌کداريان کردووه، چ ئه‌وکات که خه‌ريکی موفاوه‌زه بوون، چ ته‌نانه‌ت ئه‌وکات که به کرده‌وه ئيداره‌ی وڵاتيان سه‌ربه‌خۆ له ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی به ده‌سته‌وه بووه، هه‌رگيز دروشمی جيابوونه‌وه و پێک هێنانی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆيان به‌رز نه‌کردووه‌ته‌وه، که‌م و زۆر هه‌ر ئه‌وه‌يان ويستووه که ئێستا به ده‌ستيان هێناوه.
حوکميزاتی يان فيدراڵی ئه‌گه‌ر له کێشه‌ی که‌رکوک و شوێنه کوردنشينه‌کانی ديکه بگه‌ڕێين، له ناوه‌رۆکی خۆي‌دا، هه‌ر تۆزێک ده‌توانێ له‌وه‌ی که ئێستا به ده‌ستهاتووه به‌ربڵاوتر بێ. به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و مه‌سه‌له‌ی ئيداره‌ی ولاَتێکی رزگار کراو يا نيوه رزگار کراو، مڵملانێ و کێشه چينايه‌تی و سياسييه‌کانی، ئه‌وانه په‌يوه‌ندی به هاوسه‌نگی هێزه سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تييه‌کانی ناوخۆی ئه‌و کۆمه‌ڵگايه و راده‌ی به‌ره‌وپێشچوونی خه‌باتی سياسی و چينايه‌تی له‌و کۆمه‌ڵگايه‌دا هه‌يه. ناتوانين چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بين رێبازێک که ئامانجی خۆی رزگاری له سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی داناوه و ئه‌وه‌شی به پرَۆژه‌يه‌کی دياری کراو، فيدراڵی يا شتێکی له‌و چه‌شنه مانا کردووه‌ته‌وه، وڵاته‌که‌شمان بۆ بکاته به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌وی. ئه‌و حه‌ماسه‌ته‌ی ناسیۆناليسمی کورد له کاتی خۆي‌دا هه‌ڵيخراندبوو، له‌وه زياتر بڕی نه‌ده‌کرد. لاوانی کورد و خه‌ڵکی کورد به گشتی ئێستا پێويسته داهاتووی خۆيان له سه‌ر بناغه‌يه‌کی نوێ دابمه‌زرێننه‌وه. ئێستا ئه‌و راستييه ده‌رکه‌وتووه که رێبازی ناسیۆناليستی نه‌ک هه‌ر ناتوانێ ژيانی به‌خته‌وه‌رانه بۆ ئينسانی ئه‌و وڵاته دابمه‌زرێنێ، به‌ڵکوو له به ئه‌نجام گه‌ياندنی قه‌تعی ئامانجه‌که‌ی خۆيشيدا بێتوانايه. به بڕوای من جيلی نوێی ئه‌و وڵاته پێويسته بير له داهاتوو بکاته‌وه. پێويسته ئاگايانه واز له‌و کۆڕه‌وه به‌ره‌و هه‌نده‌ران بێنن ، ئه‌م وڵاته هه‌موو پێويستييه‌کانی ئاوه‌دان بونه‌وه و بوژرانه‌وه و رێکخستنی ژيانێکی ئينسانی و باشتری تێدا هه‌يه، به‌ڵام دياره ئه‌و ئاواته ناتوانێ خه‌لاتێک بێ که بێ ژانه سه‌ر، هێزێک له ده‌ره‌وه را بۆمانی دابين بکات، له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌ی که به ده‌ست و مستی خۆيان به ده‌ستی نه‌هێنن، به‌دی نايه‌ت.
به‌کورتی:
ئيبراهيم عه‌ليزاده ساڵَی ۱۹۵۰ له يه‌کێک له ئاواييه‌کانی ده‌وروبه‌ری شاری مه‌هاباد له کوردستانی ئێران له دايک بووه.
خوێندنی سه‌ره‌تايی و ناوه‌نديی له شاری مه‌هاباد ته‌واو کردووه و له زانکۆی ته‌ورێز له بواری ئه‌ندازياری کاره‌بادا ماسته‌ری وه‌رگرتووه.
له ده‌وره‌ی رژێمی شادا به بۆنه‌ی چالاکی سياسی له زانکۆ بۆ ماوه‌ی ساڵێک زيندانی بووه.
له ساڵَی ۱۹۷۹ بووه‌ته ئه‌ندامی کۆميته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه و له ساڵی ۱۹۸۳ وه‌کوو سکرتێری يه‌که‌می کۆمه‌ڵه هه‌ڵبژێردراوه و له‌و کاته‌وه تا ئێستا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆکايه‌تيی حيزبی کۆمۆنيستی ئێران و سکرتێری يه‌که‌می کۆمه‌ڵه‌يه